حه‌سه‌ن زیره‌ک، ئه‌و ده‌نگه‌ی مردن و کۆن بوونی بۆ نییه
33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، رۆژی 5ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1351ی هه‌تاوی، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی کورد، له نێو خه‌م و په‌ژاره‌ی ئه‌ویندارانی ده‌نگه‌که‌یدا و له نێو ماته‌می دڵسۆزانی گۆرانی کوردی‌دا، له شاری بۆکان چاوی به یه‌گجاری له سه‌ر یه‌ک دانا و دڵی پڕ له تاسه و ئه‌وینی هیوا و هومێدی له لێدان که‌وت .
ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته گۆرانی بێژی گه‌وره‌ی کورد حه‌سه‌ن زیره‌ک بوو. حه‌سه‌ن زیره‌ک ئه‌وه کورده ساکار و خاوه‌ن به بههرهییهیه که به درێژای ته‌مه‌نی خۆی له گه‌ڵ گۆرانی کوردی ژیا و چریکه به‌سۆز و هه‌ست بزوێنه‌که‌ی تا خامۆش بوونی چرای ته‌مه‌نی، خامۆش نه‌بوو. هونه‌رمه‌ندێک که ژیانی پڕ له مه‌ینه‌تی خۆی بۆ بووژانه‌وه‌ی گۆرانی کوردی ته‌رخان کرد و گیانێکی تازه‌ی وه‌به‌ر گۆرانی کوردی نا .
موکور یان هه‌میشه زێد و مه‌وته‌نی شاعیران و هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره بووه. حه‌سه‌ن زیره‌کیش له‌و مه‌ڵبه‌نده چاوی به جیهان پشکوتووه. له ساڵی 1300ی هه‌تاوی واته 84 ساڵ لهمهوپێش له دایک بووه .
دیاره شوێنی له دایکبوونی زۆر روونی نییه، هێندێک له‌و که‌سانه‌ی که ئاگایان له ڕابردووی ناوبراو هه‌یه ده‌ڵێن له بۆکان له دایک بووه و زۆر که‌سیش له‌وانه‌ی که له نزیکه‌وه دیناسن، گوندی "هه‌رمێله" که له نێوان شاری سه‌قز و بۆکان هه‌ڵکه‌وتووه به شوێنی له دایکبوونی ده‌زانن. باوکی ناوی عه‌بدوڵا و دایکی ئامینی ناو بووه. باوکی له لای خانان ئاغای گوندی هه‌رمێله کاری کردووه، له به‌ر لێهاتووی به زیرک ناوی ده‌رکردووه. ناوبراو جگه له حه‌سه‌ن دوو کوڕی دیکه‌ی به ناوه‌کانی حسێن و مینه هه‌بووه. حه‌سه‌ن منداڵ ده‌بێ که باوکی ده‌مرێ. به دوای مردنی باوکی‌دا بنه‌ماڵه‌که‌یان له دێ بار ده‌کا و ده‌چنه شاری سه‌قز. پاشان دایکی حه‌سه‌ن شوو ده‌کاته‌وه و حه‌سه‌ن زیاتر نازی لێ ده‌شێوێ. له ته‌مه‌نی 12 ساڵی را ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رمێله و له لای خانان ئاغای ئه‌و دێیه به کارکه‌ر داده‌مه‌زرێته‌وه .
هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌نگه خۆشه‌که‌ی سه‌رنجی خه‌ڵکی ئه‌و دێیه بۆ لای خۆی راده‌کێشێ و هه‌موو هه‌وڵی ئه‌ویان ده‌بێ حه‌سه‌ن له ده‌نگه خۆشه‌که‌ی بێ به‌شیان نه‌کا. که خانان ده‌بینێ حه‌سه‌ن ده‌نگی ئاوا خۆشه، هه‌ر چه‌ند مه‌یته‌ریشی بووه، ئه‌مجار پتر به حه‌سه‌ن ڕاده‌گا و ڕێگا ده‌دا زیره‌ک بێته دیوهخا و به گۆرانییه‌کانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێته‌وه. له‌و لاشه‌وه حه‌سه‌نی مێرمنداڵ و ده‌نگ خۆش بۆ شه‌و داوه‌ت و ڕه‌شبه‌ڵه‌کی کوڕان و کچانی دێ، خۆ ده‌کوتێ و به‌زمی شه‌وانه‌یان خۆش ده‌کا .
دوای ساڵێک هه‌رمێله و لای خانان به جێ دێڵێ و روو ده‌کاته شاره‌کان، به شاگرد که‌بابچیه‌تی و ورده کاری دیکه ژیان ده‌باته سه‌رێ. ساڵی 1320 دیسان دێته‌وه هه‌رمێله و وه‌ک تفه‌نگچی له ماڵی خانان داده‌مه‌رزێ، پاشان له گه‌ڵ ناوبراو تێکده‌چێ و واز له تفه‌نگچیه‌تی و ئازار و ئه‌زیه‌تی خه‌ڵک له پێناو ئاغادا دێنێ، ده‌چێته سه‌قز و ده‌بێته شاگرد شۆفیری مینه خانی ئه‌رده‌ڵان و له نێوان سه‌قز و بانه‌دا ده‌ست به کار ده‌کا .
ڕۆژێک له ڕۆژان کوڕه جه‌حێڵه‌یه‌کی گوندی قوڕه‌ده‌رێ به ناوی مه‌حموود نارنج، ده‌که‌وێته به‌ر ماشێنه‌که‌ی و ده‌کوژرێ. له‌و ترسانه سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و یاڵ به یاڵ، گوند به گوند و شار به شار ده‌گه‌ڕێ تا له وڵاتی عێراق ده‌گرسێته‌وه. به‌ره به‌ره ده‌گاته شاری به‌غدا و له‌وێ به هۆی چه‌ند که‌سێک له میوانخانه‌ی "شومال الکه‌بیر" داده‌مه‌زرێ. ئاشرایه که هه‌ستی هونه‌ری و ده‌نگخۆشییه‌که‌ی لێره‌شدا له سینگ و گه‌روویدا به‌ند نابێ، که ئه‌و به‌هره هونه‌رییه و ئه‌و چریکه به جۆشه‌ی تێدا به‌دی ده‌کرێ، ناسیاوانی ساڵی 1332ی هه‌تاوی ده‌یبه‌نه به‌شی کوردی رادیۆ به‌غدا، به‌م جۆره مه‌یدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی لاو په‌یدا ده‌بێ و ئه‌مجار ده‌نگی زیره‌ک به سه‌ر شه‌پۆله رادیۆییه‌کاندا سنووره‌کان ده‌بڕێ .
حه‌سه‌ن زیره‌ک له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌یان گۆرانی تۆمار ده‌کا، ئه‌م گۆرانییانه ناو و ئاوازه‌ی زیره‌ک به کوردستاندا بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ده‌یکه‌نه ناسیاو و خۆشه‌ویستی گه‌له‌که‌ی. زیره‌کی گۆرانیبێژ له ماوه‌ی نزیک به ده‌ساڵ مانه‌وه له عێراقدا ده‌بێته دۆست و ئاشنای زۆر هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی کورد، له ئه‌زموون و ڕێنوێنییه‌کانیان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و سرنجیان بۆ لای مایه به‌هره هونه‌رییه که‌م وێنه‌که‌ی خۆی ڕاده‌کێشێ .
پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی 1339ی هه‌تاوی ناچار ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران. هۆی ناچارییهکهشی ئه‌وه بوو که گۆرانی بۆ جێژی هاتنه سه‌ر ته‌ختی مه‌له‌ک فه‌یسه‌ڵی دووهه‌م کوتبوو. له ئێران توانی خۆی بگه‌یه‌نێته ڕادیۆی شاره‌کانی تاران، کرماشان و ته‌ورێز و له‌وێوه ده‌نگ و گۆرانییه‌کانی به گوێی ئۆگرانی ده‌نگه‌که‌ی بگه‌یه‌نێ. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ مێدیا زه‌ندی ده‌بێته ناسیا و پێکه‌وه ژیانی هاوبه‌ش پێک دێنن که ئاکامی ئه‌و ژیانه دوو منداڵ به ناوه‌کانی ساکار و ئاره‌زوو ده‌بێ. ساڵی 1347ی هه‌تاوی حه‌سه‌ن زیره‌ک ماڵه‌که‌ی دێنێته شاری بانه و له‌وێ له کانی مه‌لا ئه‌حمه‌د چایخانه‌یه‌ک داده‌مه‌زرێنێ، دیاره شان به شانی ئه‌وه کاره‌ش له گۆرانی کوتن و کاری هونه‌ری ناوه‌ستێ و له به‌زم و شادی خه‌ڵکدا به‌شداری ده‌کا و به بۆنه‌ی جۆراوجۆره‌وه گۆرانی تۆمار ده‌کا. پاشان ده‌چێته شاری مه‌هاباد و له دواکاته‌کانی ژیانیشیدا ده‌چێته شاری شنۆیه. له شاری شنۆ به کار و کاسپی ژیان تێپه‌ڕ ده‌کا .
حه‌سه‌ن زیره‌ک پێی وایه کورد بوون گیر و گرفتی سه‌ر ڕێگای هونه‌ره‌که‌یه‌تی بۆیه بۆ خۆی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "نا پێم خۆشه کاسپی لێ ده‌که‌م، چونکه هونه‌ر له نێو کورددا قه‌دری نه‌ما، هونه‌ر بۆ من به‌هره‌یه‌کی نه‌دا، هونه‌ر بۆ من کارێکی نه‌کرد که به شوێندیدا بچم. چونکه کوردم و به زمانی کوردی قسه ده‌که‌م ."
له ژیانی حه‌سه‌ن زیره‌کدا چه‌ند خاڵێک به دی ده‌کرێن که به‌داخه‌وه وه‌ک خاڵێکی کز به ڕابردووی ناوبراوه‌وه دیارن، حه‌سه‌ن زیره‌ک هاتووه هه‌ڵبه‌ستی "نه‌ورۆز"ی پێره‌مێردی که له ڕاستی دا وه‌ک یه‌کێک له سرووده میلله‌کانی کورد چاوی لێ ده‌کرێ، به خاتری پێ ههڵگون به شای جینایه‌تکاری ئێران، ده‌ستکاری کردووه. هه‌روه‌ها ناوبراو به تاریفی 21ی ئازه‌ردا چووه‌ته خوار، واته به‌و ڕۆژیدا هه‌ڵکوتووه که ڕژێمی شا کۆتایی به ته‌مه‌نی هه‌ردوو حکومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و کوردستان هێنا .
دیاره به دڵنیایه‌وه ده‌توانین بڵێین که حه‌سه‌ن زیره‌ک گه‌ل و نیشتمانی خۆی خۆش ویستووه. ئه‌وه خۆشه‌ویستیه‌ی جگه له خزمه‌ت به گۆرانی کوردی، له زۆر گۆرانیشدا بۆ وێنه له لای لایهکهیدا به‌دی ده‌کرێ. به‌ڵام وا دیاره گێره و کێشه‌ی ژیان و فشاری ساواکی شا، ناچاری کردووه لاوازی نیشان بدا و تووشی ئه‌م جۆره گۆرانیانه بێ. هۆیه‌کی دیکه‌ی ئه‌و لاوازی نیشاندانه ئه‌وه بووه، که زیره‌ک مرۆڤێکی نه‌خوێنده‌وار و ساویلکه بووه و له باری تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیه‌وه له‌و پله‌یه‌دا نه‌بووه له‌م جۆره هه‌ڵانه خۆی ببوێرێ .
ئێستا زیره‌ک نه‌ماوه به‌ڵام ده‌بێ بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێک ئه‌وه کرده‌وه‌ی زیره‌ک ببێته ئه‌زموون. هونه‌ر مه‌ندانی کورد، هه‌ر ئه‌ندازه له ڕژیمه دژ به کورد و دیکتاتۆره‌کان دووری بکه‌ن، خۆیان له گه‌له‌که‌یان نزیکتر ده‌که‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه دوور کردنه‌وه‌یه نرخی قورس و گرانی ده‌وێ. ده‌ڵێن پاش مرددوان ڕه‌حمه‌ت باشه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه که‌مته‌رخه‌مییه‌ی زیره‌ک له سه‌ر دڵمان نه‌بێته گرێ، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بین که زیره‌ک کوردستانی هه‌ر خۆش ویستووه. با بڕوانینه چه‌ند دێڕ له هۆنراوی لایه لایه‌که‌ی :
رۆڵه کوردستان چاوی له ڕێته
نیشمان هیوای دواڕۆژی پێته
ڕۆڵه تۆش وه‌ک من داده‌ی ناڵه‌ت بێ
له جه‌وری فه‌لک تۆش سکاڵات بێ
ڕۆڵه تۆ پاکی له ده‌رگای یه‌زدان
با ڕزگاری بکا خاکی کوردستان
به ڕاشکاوی ده‌توانین بڵێین که حه‌سه‌ن زیره‌ک، چ ئه‌وه کاته‌ی که زیندووه بووه و چ ئێستا که نزیک به 33 ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگیدا تێده‌په‌ڕێ، له نێو هه‌موو به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا خۆشه‌ویست بووه و خۆشه‌ویست ماوه‌ته‌وه. یه‌که‌م هۆ بۆ ئه‌وه ڕاستییه ئه‌وه‌یه که حه‌سه‌ن زیره‌ک خاوه‌نی ده‌نگی خۆش و که‌م وێنه بووه، دیاره ناکرێ پێوانه‌ی تایبه‌تی بۆ ده‌نگخۆشی په‌یدا بکه‌ین، چوونکه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر خۆش یان ناخۆش بوونی ده‌نگێک به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌لیقه و زه‌وقی گوێگر، به‌و حاڵه‌ش ده‌نگی حه‌سه‌نزیره‌ک له نێو سه‌لیقه جۆربه‌جۆره‌کاندا هه‌ر وه‌ک ده‌نگێکی خۆش و دڵگیر وه‌رگیراوه. جگه له‌مه‌ش زیره‌ک شاڕه‌زاییه‌کی تایبه‌تی له گوتنی گۆرانییه جۆربه‌جۆره‌کاندا هه‌بووه. جاری وایه گۆرانیه‌ک ده‌ڵێ که سێ هه‌وای تێدایه، به هاسانی هه‌واکان ده‌گۆڕێ و دێته‌وه سه‌ر هه‌مان هه‌وای هه‌وه‌ڵی وه‌ک (نازداری بێ به‌هانه) کاتێک حه‌سه‌ن ده‌نگ هه‌ڵدێنێ و تێهه‌ڵده‌کاتێ، ده‌نگێکی به‌جۆش و له دڵان خۆش پڕ به گه‌روو له سینگیه‌وه هه‌ڵده‌ستێ و شه‌پۆله‌کانی هه‌وا ده‌بڕێ. وشه‌کان گیان ده‌گرن و مانای ڕاسته‌قینه‌وه خۆیان به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. هه‌ستێکی ده‌روونی چ شاد و چ خه‌مین که پاڵی به گۆرانیبێژه‌وه ناوه چریکه‌ی بێ و بۆ گوێگر به هاسانی ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی هونه‌رمه‌ند و به‌هره هونه‌ریه‌که‌یه‌تی، گۆرانیبێژ ئه‌گه‌ر خۆش و شادی له دڵیدا په‌نگ نه‌خواته‌وه ناتوانێ گۆرانییه‌کی شاد پێشکه‌ش بکات و ئه‌گه‌ر ئۆف و ژان جه‌رگ و هه‌ناوی ئه‌نج ئه‌نج نه‌کردبێ، ناتوانێ گۆرانییه‌کی سه‌رکه‌وتووی غه‌مگین بڵێ. هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ی باره ده‌روونیه‌که‌ی بجوڵێته‌وه ئه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ستی خۆی درۆی کردووه، به‌رهه‌مێکی باش و سه‌رکه‌وتووی نابێ. حه‌سه‌ن زیره‌ک ئه‌و بار و حاڵه‌ته ده‌روونیه‌ی بۆ گوتن و ده‌نگ هه‌ڵبڕین پاڵی پێوه‌ناوه بۆیه که خه‌مباره گۆرانییه‌کانیشی بۆنی بۆسۆی هه‌ناوی و هه‌ڵقرچانی جه‌رگی و شێوه‌ی فرمێستکه‌کانی پێوه‌دیاره، که شادیشه و به شادی و خۆشی ده‌ستی بۆ بناگوێی بردووه، گه‌وره و چووکه و ژن و پیاو، منداڵ و لاو ته‌نانه‌ت تۆبه‌کاره‌کانیش تۆبه‌یان شکاندووه و تێکه‌ڵی شایی و شادی و به‌زم و هه‌ڵپه‌ڕێکه‌ی زیره‌ک بوون .
هۆیه‌کی دیکه‌ی خۆشه‌ویستی حه‌سه‌ن زیره‌ک ساده‌و ساکاربوونیه‌تی، ئه‌و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار و ده‌ست ڕه‌نگینی لادێ چاوی کراوه‌ته‌وه و دایک و باوکی خۆی به ڕه‌ش و رووتی دیوه، به کارکه‌ری له ماڵان‌دا باوی شان و پیلی خۆش بووه، که گه‌وره‌ش بووه فێر نه‌بووه ڕابردووی خۆی له بیر به‌رێته‌وه و هه‌وایه‌کی دیکه‌ی بێته که‌له‌ی، وه‌ک چۆن له منداڵی‌دا به‌و په‌ڕی خۆشی و ڕه‌زامه‌ندی شه‌و و شه‌و داوه‌تی نێو خۆڵه‌پۆتێی نێو دێی هه‌رمێله‌ی بۆ کوڕ و کچه ڕه‌نگ زه‌رده‌کانی وه‌ک خۆی گه‌رم داهێناوه، دواتریش که ئاوازه‌ی هونه‌ریه‌که‌ی ئێران و ئێراقی داگرتووه، فه‌رقی به دیوه‌خانی ئاخا و گوێی ته‌ندووری پاڵه و سه‌پانی لادێی نه‌کردووه. ته‌نانه‌ت ماڵه قورماویه‌کان و ده‌ست و په‌نجه قڵه‌شیوه‌کانی زۆرتر به خۆمانه زانییه‌وه و مه‌لی هونه‌ری لێره‌دا خۆشتر فڕیوه .
بۆیه کاتێک شادی و هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی به دی کردووه، بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌سمه‌ن لێیان گێڕابێته‌وه خۆی لێ نزیک کردووه‌ته‌وه و بۆ دڵخۆشی خه‌ڵکه‌که گۆرانی کوتووه. ڕێ نه‌که‌وه‌تووه که‌سێ داوای گۆرانی لێ کردبێ دڵی شکاندبێ و ویسته‌که‌ی به جێ نه‌هێنابێ. حه‌سه‌ن زیره‌ک دۆست و برا نزیکه‌کانی خۆشی زۆتر له نێو خه‌ڵکی ئاسایی‌دا هه‌ڵبژاردووه، با ئه‌وه‌ش بڵێین که به‌شی زۆر ژیانی خۆی به کار و کاسپی و ڕه‌نجدان بردووه‌ته سه‌ر، شاگرد شۆفیری کردووه له هۆتێل و قاوه‌خانه‌کاندا به‌رده‌ستچی بووه، دووکان و چایخانه‌ی هه‌بووه، ئیدی نه‌یویستووه هونه‌ره‌که‌ی ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی داهاتی ژیانی بێ. ئه‌م کار و تێکۆشانه‌ش له خه‌ڵک و ده‌رد و ژان و هه‌ست و ئازاره‌کانیان نزیکی کردووه‌ته‌وه .
بێگومان یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی گۆرانییه‌کانی حه‌سه‌ن زیره‌کی نه‌مر، پشت به‌ستنی به گۆرانی فۆلکلۆرییه. ڕه‌نگه ئێمه‌ی ئاسایی و ته‌نانه‌ت گۆرانیبێژێکیش به زه‌حمه‌ت بتوانێ ناوی سه‌دان گۆرانی فۆلکلۆری کوردی فێر بین، که‌چی حه‌سه‌ن زیره‌ک نه‌ک هه‌ر ناوی سه‌دان، هیچ به‌ڵکوو ناوی هه‌زاران گۆرانی کوردی ده‌زانێ و هه‌ڵبه‌ست و به‌نده‌کانیشی فێر بووه، هه‌روه‌ها ئاهه‌نگه‌که‌شی ده‌زانین و ده‌نگ و زه‌قی خۆی کرده خوێنێکی تازه بۆ بووژانه‌وه و گیانی پێدان. دیاره ئه‌م زانینه، جگه له‌و ئیلاقه و ئۆگرییه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک به گۆرانی کوردی سه‌رچاوه ده‌گرێ به‌رهه‌می گه‌ڕانی حه‌سه‌ن زیره‌ک به سه‌دان دێ و ده‌یان شاری کوردستاندایه .
زیره‌کی گۆرانیبێژ، چاوی به زۆر ناوچه و مه‌ڵبه‌ندی کورستان کوتووه، لێیان ماوه‌ته‌وه، له خه‌ڵکه‌که‌ی میوان بووه و هه‌ڵسان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیان بووه و له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ژیانیان و جڵوبه‌رگ و هه‌ڵسوکه‌تیان ئاشنا بووه. ئه‌و گۆرانییانه‌ی له خه‌ڵکه‌وه بیستوویه، فیر بووه. ئه‌گه‌ر له لایه‌ک فێربوونی ئه‌م گۆرانییانه حه‌سه‌ن زیره‌کیان له به‌ره‌وپێشچوون له گۆرانیبێژیدا یارمه‌تی داوه، له لایه‌کی دیکه‌ش دیتنی سروشتی دڵگر و جوانی ناوچه جۆربه‌جۆره‌کانی کوردستان و دیمه‌نه ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانی ژیانی خه‌ڵکه‌که له لای زیره‌ک بوونه‌ته هه‌وێنی گۆرانی. ئه‌و دیویه‌تی که خێڵ به‌ره‌وژوور بووه‌ته‌وه، کیژانی دیتووه که بۆ کارگ و ڕێواسان روویان له مێرگۆڵان کردووه، خاڵۆی جوتیاری دیوه که به گشت ناخی زه‌ویدا ڕۆچووه و بژیوی خۆی لێ په‌یدا کردووه. بێری شه‌نگ و شۆخی دیوه که کوڵمه سووره‌کانی له ڕێگای بێر و هاوێردا تاوه‌سووت بووه. له ئازاره‌کانی ژنی گوله‌ی مێردان و کچی نابه‌دڵ به شوودراو تێگیشتووه، ده‌ردی ئه‌وه لاوه‌ی بۆ ئیجبارییان بردووه و ده‌زگیرانه‌که‌ی به‌جێ هێشتووه، زانیوه. مه‌رقه‌دی کاکه جانی سه‌هۆڵان و پیری بورهان و کاکه ئه‌حمه‌دی سولێمانی دیوه که ڕۆژانی جێژن لاوه‌کان ده‌ستیان له کێلی وه‌رهێناوه و بۆ نیازی دڵی خۆیان لێیان پاڕاونه‌ته‌وه، به لایه لایه‌ی ژنی کوردی بۆ کۆرپه‌که‌ی گوێی زرینگاوه‌ته‌وه. که‌وی به‌فری نیساران و دنووکی سووری که‌وێ، هاتووچووی ده‌سته کچی لادێ به ڕێگای کانی و کارێزێدا نم نمی بارانی به‌هاران و خۆڕه‌ی ئاوی گاده‌ر و بۆنی مێخه‌کبه‌ند و شه‌مامه‌ی چوار بێستانی هه‌موو ڕۆژێک له ژیانی خۆیدا به‌ره‌ورووی بوونه‌وته‌وه. بۆیه کاتێک گۆرانی ده‌ڵێ، هه‌موو لایه‌ک به هی خۆیانی ده‌زانن، ئه‌وه‌ی غه‌ریب ماوه‌ته‌وه له تاران، ئه‌وه‌ی به ڕێبواری عاشق بووه، ئه‌و پیره‌ی له سه‌ره‌مه‌رگ دایه و فه‌سڵی ئه‌وه‌ی هاتووه بیبه‌ن بۆ سه‌ر قه‌برێ و به کورتی هه‌ر که‌سێکی پێی له دونیای دڵداری و ژوان و خۆشه‌ویستی و بێمورادی و ماچ و شه‌و ڕامووسان نابێ، ته‌زووی به له‌شیدا دێ. چریکه‌ی زیره‌ک به هاوار و ناڵه‌ی خۆی زانیوه. له پاداشی ئه‌و خۆمانه بوونه‌دا ناچار بڵێی ده‌ک هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له گۆڕت بێ .
حه‌سه‌ن زیره‌ک له‌گه‌ڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووه، بۆ نموونه ده‌توانین محه‌ممه‌دی ماملێ ، مه‌لا حسێنی عه‌بدولازاده، عوسمان بۆکانی و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ناوبه‌رین. گۆرانی "ماڵی بابم بێ وه‌فا" یه‌کێک له‌و گۆرانییانه‌یه که حه‌سه‌ن زیره‌ک، محه‌ممه‌دی ماملێ و مه‌لا حسێنی عه‌بدولازاده، ساڵی 1338ی هه‌تاوی پێکه‌وه به یارمه‌تی تیپی موسیقای کرماشان تۆماریان کردووه. "به‌رهه‌ڵبێنه" و "هه‌واره، گوڵم هه‌واره" دوو گۆرانی دیکه‌ن که زیره‌ک و محه‌ممه‌دی ماملێ پێکه‌ویان کوتوون .
حه‌سه‌ن زیره‌ک گۆرانی فارسی و تورکیشی هه‌یه، له جۆره گۆرانییانه‌دا حه‌سه‌ن زیره‌ک هه‌ڵبه‌ستی کوردی تێکه‌ڵاو کردوون. یه‌کێک له‌و گۆرانییه خۆشانه که به زمانی ئازه‌ری کوتوویه‌تی گۆرانییه‌که به ناوی "گویلدر " .
زیره‌کی ده‌نگخۆش هێندێک تایبه‌تمه‌ندی دیکه‌شی هه‌بووه که ئه‌ویان له هونه‌رمه‌ندانی دیکه جیا کردووه‌ته‌وه. ڕاسته به‌شی زۆری له گۆرانییه‌کانی، گۆرانی فولکلۆرین که له پێشدا له نێو خه‌ڵکدا باو بوون، به‌ڵام زۆر گۆرانی هه‌یه که هه‌م هه‌ڵبه‌سته‌که‌ی و هه‌م ئاهه‌نگه‌که‌ی هی خۆیه‌تی، واته ئه‌گه‌ر چی نه‌خوێنده‌وار بووه توانیوه‌یتی ده‌موده‌ست هه‌به‌ڵستی زۆر جوان بهۆنێته‌وه و مه‌به‌سته‌کانی دڵی خۆی پێده‌رببڕێ و هه‌روه‌ها ئاهه‌نگیشیان بۆ دابنێ .
دیاره زیره‌ک له هه‌ڵبه‌ستی شاعیرانیش که‌ڵکی وه‌رگرتووه، نالی، وه‌فای، سه‌ید کامیل، کوردی، هێمن و پیره‌مێرد له‌و شاعیرانه‌ن که زیره‌ک هه‌ڵبه‌سته‌کانی کردوون به گۆرانی. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وار بووه، زۆر جار پێت یان وشه‌یه‌کی له بیر نه‌ماوه، ده‌ستکاری هه‌ڵبه‌سته‌کانی کردووه، به‌و حاڵه‌ش که هه‌ڵبه‌ستێکی کردووه به گۆرانی، ڕۆحی وه‌به‌ر ناوه، مرۆڤ که هه‌ڵبه‌ستێک به نووسراوه ده‌بینێ، پاشان به ده‌نگێکی خۆش وه‌ک گۆرانی دیبیستێ، تام و جێژێکی تایبه‌تی لێ وه‌رده‌گرێ. هه‌ڵبه‌ستی "شه‌و"ی سه‌ید کامیل به‌ڵگه‌یه‌کی باشه بۆ ئه‌م قسه‌یه .
ژن و دڵداری مایه‌ی و هه‌وێنی ئه‌سڵی گۆرانییه‌کانی زیره‌ک پێک دێنن، دیاره ئه‌وه هه‌ر ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی گۆرانییه‌کانی ئه‌وه گۆرانیبێژه نییه، زۆربه‌ی گۆرانییه کوردییه‌کان هه‌ر وان. وا دیاره ئێستاش له کوردستانی ئێمه‌دا گۆرانی هه‌ر ته‌نیا ئه‌رکی ئه‌وه‌یه سۆز و هه‌وستی پیاو به‌رامبه‌ر به کچ و ژن ده‌رببڕێ .
گۆرانی ده‌توانێ له زۆر لایه‌نی دیکه‌ی ژیانی ئینسان وێنه بگرێ و بینوێنێ، که‌چی گۆرانیبێژانی کورد زۆر بایه‌خیان به‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌داوه. که‌م گۆرانی حه‌سه‌ن زیره‌ک هه‌یه بۆ ژن نه‌گوترابن، ئیلاقهیهک که له زۆر ژن خواستن و ژن هێنان و زه‌ماوه‌نده په‌یتا پهیتاکانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه .
ساڵی 1351ی هه‌تاوی نه‌خوشییه‌ک که له مێژ بوو حه‌سه‌ن زیره‌کی ئازار ده‌دا، لێی تووند کرد، چه‌ند جار له نه‌خۆشخانه‌کانی ورمێ و بۆکان خه‌واندیان، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌که‌ی که شێرپه‌نجه بوو، ده‌ست به‌ردار نه‌بوو، لێره‌شدا زیره‌ک زواز له گۆرانی گوتن ناهێناێ :
له پڕدا پیریم لێ وه‌ده‌رکه‌وت
به‌ختیش وه‌کوو خۆم هات و لێی خه‌وت
فتیله‌ی عومرم هاتووه‌ته گـــــــــــــــــــزی
هه‌ر بینا ئه‌ویش له سووتان کــــــــــهوت
ئه‌سپی ته‌بیعه‌ت هه‌روا خۆش ڕۆیـــــــــه
به بێ ئاوزه‌نگی له ڕه‌وت نهکـــــــــــهوت
سه‌رئه‌نجام ڕۆژی5ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1351ی هه‌تاوی چرای ته‌مه‌نی له سووتان که‌وت و په‌پووله‌ی گیانی قه‌فه‌سه‌ی سینگی پڕ له ماته‌می به‌جێ هێشت. مه‌رگی حه‌سه‌ن زیره‌ک وه‌ک بۆمبێک له نێو کوردستاندا ته‌قییه‌وه و شه‌پۆله‌کانی خه‌م و ماته‌می له ده‌ستچوونی له سنووره‌کانی کوردستان تێپه‌ڕی. له سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له داوێنی کێوی "ناڵه‌شکێنه"ی بۆکان به خاک سپێردرا. گۆڕه‌که‌ی بوو به زیاره‌تگای لایه‌نگران و ئه‌ویندارانی. ئه‌م ههڵبهستانهش بوونته ڕازێنه‌ره‌وه‌ی کێله‌که‌ی :
بڕوانه کتێبه‌که‌ی، زیارهتیکه کێله‌که‌ی
کوردی زیندوو کرده‌وه زیره‌ک به هونه‌ره‌که‌ی
زیره‌ک زۆرت کرد خزمه‌تی هونه‌ر ژینت له پێناو هونه‌ر برده سه‌ر
رۆژگارت ساتێ به بێ خه‌م نه‌بوو به‌ڵام له هونه‌ر هیچت که‌م نه‌بوو
سه‌رچاوه: ئارشیوه کۆلکه‌زێڕینه‌ی ڕادیۆ ده‌نگی کوردستانی ئێران .
هه‌واڵ
ستۆکهۆڵم، 25ی مانگی 6ی 2005
هيوا
وبلاگ جي ژوان